لەگەڵ کۆتایهاتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکاو میلیشیاکان دۆخەکە بەرەو هەڵکشان دەچێت


شارەزایەکی بواری ئەمنی، مخلد حازم، رایگەیاند " ئاگربەست کە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی حکومەت لەگەڵ فراکسیۆنەکان بۆ وەستاندنی بەئامانجگرتنی بارەگا و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا هاتە ئاراوە، کۆتایی هاتووە.

حازم مخلد لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان دەڵێت "ئاگربەستەکە شکاوە، ئەگەریش لە لایەنی ئەمریکییەوە سەرکەشی ڕووبدات، کاردانەوەی میلیشیا شیعەکان بەرامبەر بنکە سەربازییەکان و بارەگاکانی هێزە ئەمریکییەکان بەردەوام دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، "کەس نازانێت هێزەکانی ئەمەریکا چ جوڵەیەک ئەنجام دەدەن و چ هێرشێک ئەنجام دەدەن، کاتی بەئامانجگرتنەکە نادیارە، وەک ئەوەی لە بۆردومانەکەی جورف ئەلسەخار ڕوویدا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەو ئاگربەستەی کە پێشتر حکومەتی عێراق سپۆنسەری کردبوو، کۆتایی هات". 

وتیشی "ئێستا فراکسیۆنەکان لە هەر کاتێکدا زیاتر دەجووڵێن و هەر بوارێک کە بەرژەوەندی ئەمەریکای تێدا هەبێت دەیکەنە ئامانج." 

لەلایەکی ترەوە حەیدەر ئەللامی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی بزووتنەوەی نوجەبا لە عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئاگربەست، هەموو بژاردەکان لەبەردەستی بەرهەڵستکاراندایە بۆ بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق.




PM:07:42:22/08/2024