نوور زوهێر کە بە تۆمەتباری سەرەکی دزی سەدە ناودەبرێت، لە نزیک بەیروتی پایتەختی لوبنان لە ڕووداوێکی هاتووچۆ بە سەختی بریندار بوو.
میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە" کاتژمێر (١٢:٣٠) خولەکی شەوی ڕابردوو نور زوهێر تۆمەتباری سەرەکی دزی سەدە لە ناوچەی حەداتی بەیروتی پایتەختی لوبنان تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ بووە کە نزیک بووە لە گیان لەدەستدانی".
ئاماژە بەوەش دەکەن، دوای ڕووداوەکە نور زوهێر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، لەوێ فریاگوزاری سەرەتایی بۆ کراوە کە ئازارێکی زۆر بەر مل، بڕبڕەی پشت و سینگی کەوتووە و چەندین برینیش لە جەستەی هەیە.
نور زوهێر کە یەکەم تۆمەتبارە بە دزینی باج لە عێراق یان ئەوەی لە میدیاکاندا بە "دزی سەدە" ناسراوە، بڕیاربوو ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە لە دادگای تاوانی ناوەندی لە بەغدا ئامادە بێت بۆ دادگاییکردن.
زوهێر لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا داوای کرد دادگاییکردنەکەی ئاشکرا بکرێت، هەروەها هەڕەشەی کرد کە "ناو و وردەکارییەکانی دۆسیەکانی گەندەڵی ئاشکرا دەکات و پەیوەندییان بە دۆسییەی دزینی دوو ملیار دۆلارەوە هەیە لە عێراق و بەشێک لە دزی سەدە".