شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق سێ حەشارگەی چەکدارانی داعشی لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆردومان کرد و ژمارەیەک چەکداری ڕێکخراوەکە کوژران.
ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤ شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند" پاڵشت بە زانیاریی وردی هەواڵگرییان، کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی فڕۆکەی سیسنا کاراڤانەوە سێ حەشارگەی پاشماوەکانی چەکدارانی داعشیان لە سنوری شارۆچکە دوز وێران کردوە".
ئاماژە بەوەش کردوە، ئەو حەشارگانەی بۆمباران کراون، دەکەونە سنوری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەددین و بە تەواوی حەشارگەکان خاپور و وێرانکراون و ئەو چەکدارانەی تێیدا بون، سەرجەمیان کوژراون.
لەراگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، ئەو حەشارگانە شوێنی مانەوە و خۆ ڕێکخستنی چەکدارانی داعش بوە، کە ماوە ماوە بەشێوەی مەفرەزە دەرچون و پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنییان داوە.