ئاژانسێکی نێودەوڵەتی بڵاوی کردەوە، عێراق بە نیازە لە مانگی داهاتودا، رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت، بۆ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل کەم بکاتەوە. دەشڵێت: مانگی ڕابردو عێراق لە پشکی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەم هێناوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردوە" عێراق بە نیازە لە مانگی داهاتودا، بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سێ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بۆ سێ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە، کە ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێكە لەگەڵ ئۆپیک پڵەس بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیادەیەی بەرهەمی هێناوە".
ئاماژەی بەوەش کردوە، عێراق ل ەمانگی تەمموزی رابردودا، رۆژانە نزیكەی چوار ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، کە ئەوەش لە پشكی خۆی زیاترە كە رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیلە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕێكخراوی ئۆپێك ڕایگەیاند" زیادەی بەرهەمهێنراوی كەڵەكەبوی نەوتی عێراق لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵەوە تا مانگی تەمموز، گەیشتوەتە ملیۆنێك و ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت".