وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند" قۆناغی سەرەتایی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی سەرەتای مانگی داهاتو دەست پێدەکات و دو مانگ بەردەوام دەبێت".
زیا عەواد کازم، سەرۆکی دەستەی ئامار و ڕێکخستنی زانیاری لە وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند" ئامادەکاریی دەکەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سەرەکیی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبون، کە قۆناغی یەکەمی خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەدان کە سەرەتای مانگی داهاتو دەست پێدەکات".
باسی لەوەش کرد" ئەم قۆناغە، بە یەکێک لە قۆناغە بنچینەیی و گرنگەکانی سەرژمێریی دانیشتوان دادەنرێت بەو پێیەی پڕۆسەی ژماردنەوەی دانیشتوانە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەدان بە باڵەخانە و خانوەکان لەگەڵ وەرگرتنی زانیاریی سەرەتایی سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی خێزان و دابەشکردنی خێزانەکان بەپێی نێر و مێ".
ئەوەشی خستوەتەڕو" پرۆسەکە بۆ ماوەی دو مانگ لەسەرجەم قەزا و ناحییەکانی عێراق بەردەوام دەبێت، دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغەش، قۆناغی دابەشکردن و ئامادەکردن و ڕاهێنانی نزیکەی ٨٠ هەزار ڕاهێنراوی زیادە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی دەست پێدەکات".