بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە سنووری قەزای بەعاج چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی سەردەمی چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای بەعاجی سەر بە پارێزگای موسڵ چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا. 

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندێکی قەزای بەعاجی سەر بە پارێزگای موسڵ بۆمبێكی پاشماوەی سەردەمی چەکدارانی داعش بە خێزانێکدا تەقیوەتەوە".

ئاماژە بەوەشدەکەن، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تائێستا چوار منداڵی خێزانەکە گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندارن. 

میدیاکانی عێراق باس لەوەشدەکەن، ئەو خێزانە ئاژەڵداربوون و لە ناوچەکە نیشتەجێبوون و لە خانوویەکدا ژیاون کە ساڵانێک بوو جێهێڵرابوو. 

لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هەروەها تەرمی قوربانییەکانیش بۆ پزیشکی دادوەری گواستراونەتەوە.



PM:01:37:01/09/2024