بەهۆی گەندەڵی دارایی لیژنەی هاوكاریكردنی ئاوارەكان لەعێراق هەڵوەشایەوە

‌پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانی عێراق ئەمرۆ لیژنەی باڵای هاوكاریكردنی ئاوارەكان لەعێراق كە ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دەكرد، بەهۆی گەندەڵیی دارایی هەڵوەشاندەوە.

پەرلەمانی عێراق دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی ساڵح موتڵەگ، سەرۆكی ئەو لیژنەیەی بە كۆمسیۆنێكی پەرلەمان سپارد.
 لەمبارەیەوە عەباس بەیاتی، پەرلەمانتار وتی: سەرۆكی پەرلەمانی عێراق فەرمانیكرد كە لیژنەی باڵای هاوكاریكردنی ئاوارەكان لەعێراق هەڵبوەشێتەوە‌و كارەكانی بە وەزارەتی كاروباری كۆچبەران بسپێردرێت.

وتیشی: لەلێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە كە چەندین حاڵەتی گەندەڵی دارایی لەو لیژنەیەدا بووە كە ساڵح موتڵەگ سەرپەرشتی كردوە‌و بۆ كاروباری ئاوارەكانی عێراق، هەربۆیە پەرلەمان پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیژنەیەی پەسەند كردوە.

لەلایەكی ترەوە مەشعان جبوری، ئەندامی ئەو كۆمسیۆنەی لێكۆڵینەوە لە لیژنەی ئاوارەكان دەكات رایگەیاند ئەگەر نەیسەلمێنێت كە ساڵح موتڵەگ گەندەڵی دارایی بووە، ئەوا لەبەرچاوی میدیاكان دەست لەكار دەكێشێتەوە.




PM:03:33:02/11/2014