بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لە عێراق، واشنتۆن و بەغدا لەسەر پلانێک رێککەوتون و بڕیاریش تا ساڵی (٢٠٢٦) سەرجەم هێزەكان بكشێنێتەوە، هاوكات، پنتاگۆن هەڵوێستی خۆی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئاشکرا کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی ٦ی ئەیلوول بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە رێککەوتنێکیان دەربارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق ئەنجامدراوە و تەنیا وادەی راگەیاندنی ماوە.
دەشڵێت، ئەمریکا و عێراق هەوڵدەدەن پەیوەندییەکی نوێی راوێژکاری دروست بکەن کە ڕەنگە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە دوای کشانەوە.
چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و ئەمریکی بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، سەرەتا بڕیاربوو چەند هەفتەیەک لەمەوبەر رێککەوتنەکە بە فەرمی رابگەیەنرێت، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی ناوچەیی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیلەوە لە غەززە دواخراوە بۆ دۆخێکی لەبارتر، کە بەگوتەی ئەوان رەنگە لەم مانگەدا بێت.
فەرهاد عەلائەددین، راوێژکاری کاروباری دەرەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاند، دانوستانە تەکنیکییەکان لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان کۆتایی هاتووە، گوتیشی، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چووەتە ئاستێکی نوێوە، کە خۆیان دەبیننەوە لە گرنگیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارەکانی سەربازی، ئەمنی، ئابووری و کولتووریدا.
رێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوای زیاتر لە شەش مانگ دانوستانەکانی نێوان بەغداد و واشنتن دێت، کە لە مانگی کانوونی دووەمەوە، لەلایەن محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەستپێکراوە.
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق و ٩٠٠ سەربازی لە سووریا هەیە، کە بەشێکن لە سوپای هاوپەیمانی لەو وڵاتانە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "داع*ش" پێکهێنرا.