دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دروست بوونی كێشە لەمووچەی فەرمانبەرانی عێراق، وەزیری دارایی دەڵێت"هیچ كێشەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە و لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكەن".
ئەمڕۆ شەممە ٧ ی ئەیلول تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی عێراق لە وڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێكی عێراق ڕایگەیاندووە،' مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە كاتی خۆیدا و بەبێ دواكەوتن دابەشدەكرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی راگەیاندووە "ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواكەوتی مووچەی مووچەخۆران دەكات دوورە لە ڕاستییەوە".
" نەختینەیی پێویست لەبەردەستدایە و لەكاتی خۆیدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت دابەشدەكرێت"٩ تەیف سامی وا دەڵێت).
ئەمەش دوای قسەكانی نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراقی دێت كە باسی لەوە کردبوو، لەگەڵ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ ٣،٣ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ٧٠ دۆلار، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، چونكە داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق بۆ ٩ ترلیۆن دینار دابەزێت، کە ترلیۆنێکی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات و ئەو ٨ ترلیۆنەی دەمینێتەوە تەنها بەشی مووچە دەکات کە بڕەکە ٧،٥ ترلیۆن دینارە و نیو ترلیۆن دیناری بۆ بەشەخۆراكە.
ئەوەشی خستۆتەروو، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق گرفتار دەبێت بەدەست دابینیکردنی مووچەوە، بۆیە هەتا نرخی نەوت لە خانەی ٧٠ دۆلارییدا بمێنێتەوە، مووچە دوادەکەوێت و ئەگەری کەمکردنەوەشی لە ئارادایە”.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ چەند وەزیرێکی عێراق لە نێویاندا تەیف سامی بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێکدا گەیشتە هەولێر و بڕیاریشە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا لەسەر پرسی مووچە کۆببنەوە.