وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ سەرژمێری گشتی تەواوبووە و لیستی سەرژمێری(٧٠) پرسیارو (١١) تەوەر لە خۆدەگرێت، بەڵام هیچ پرسیارێكی لەبارەی نەتەوەو ئاین تیادانیە.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەی ( الصباح) ی راگەیاندووە" ئامادەكارییەكانی وەزارەتەكەیان گەیشتووەتە لوتكە، بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق، سەرجەم ئامادەكارییە لۆجستیی و رێوشوێنە هونەرییەكانیان پەیوەست بە پرۆسەكەیان تەواوكردووە، كە كارمەندەكان پێویسیتان پێیەتی".
وتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانان وتیشی" (١٢٠) هەزار فەرمانبەر كاردەكات بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری لە پارێزگا جیاوازەكان، بە ئامانجی خولقاندنی وێنەیەكی تەواو لە سەر یەكە ئیدارییەكان".
هنداوی راشیگەیاندووە" لیستی سەرژمێری (٧٠) پرسیار ئاڕاستە دەكات، كە(١١) تەوەر پەیوەست بە تایبەتمەندیەكانی ژیانی تاك لە خۆدەگرێت، لە چوارچێوەی كەرتەكانی تەندروستی و فێركردن و كارو نیشتەجێبون و خزمەتگوزاری، بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری وردلەبارەی ژمارەی خێزانەكان و نیشتەجێبوان لە هەر مالێك، بۆ زانینی ئاستی زانستی هەر هاوڵاتیەك، وێڕای ئەو نەخۆشیانەی خێزانەكان بەدەستیەوە دەناڵێنن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە وەزارەتی پلاندانان، راهێنانی بە (٤٠) هەزار كادێری تەواوكردووەو سەرەتای مانگی داهاتووش راهێنان بە (٨٠) هەزار كەسی تر دەكات بەشێوەیەكی گروپ گروپ، بۆ گەیشتن بە ئامادەكاری تەواو لە (٢٠) تشرینی دووەمدا، تیشی" لیستی سەرژمێری هیچ پرسیارێكی لەبارەی نەتەوەو مەزهەب تیادانیە."