بڕیارە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران، سەرپەرشتی واژووکردنی چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و ئێران لە بوارە جیاجیاکاندا بکەن.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسعود پزشكیان سەرۆک کۆماری ئێران، دۆخی ناوچەكە و رووداوەكانی کەرتی غەززە و جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری لە دۆسییەکانی ئابووری و ئەمنی و بازرگانی و هاوبەشیکردن لە ژمارەیەك لە كەرتەكانی گەشەپێدان تاوتوێ دەكەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا سەرپەرشتی رێورەسمی واژووكردنی ژمارەیەك لە یاداشتی لێكگەیشتن دەكەن، لە بوارەكانی هاوكاری باجەكان و بواری كشتوكاڵ و،سەرچاوە سروشتییەكان و پەیوەندییەكان و پاراستنی كۆمەڵایەتی و وەرزش و لاوان و پەروەردە و گەشتوگوزار و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و هونەری و هاوكاری لە بواری شوێنەوار، هەروەها لە بواری راهێنانی پیشەیی و پێشخستنی هێزی كاری لێهاتوو و هاوكاری لە نێوان ژوورە بازرگانیەكان.
مەسعودە پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، بۆیەکمجار دوای دەستبەکاربوونی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا.
هەروەها بڕیارە سەرۆک کۆماری ئێران دوای سەردانەکەی بۆ بەغداد، سەردانی هەولێر و سلێمانیش بکات، لەگەڵ هەندێک بەرپرسی باڵای هەرێم کۆدەبێتەوە.