پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو دەنگێکی بەهێز لە بنکەی راوێژکارانی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی بەغداد بیسترا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاویکردەوە و دەڵێت" لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین".
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (١١:٠٠)ی شەوی ڕابردوو دەنگێکی بەهێز لە بنکەی راوێژکارانی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی بەغداد بیستراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا ھۆکارەکانی ڕووداوەکە نەزانراوە و ھیچ لایەنێکیش بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتی رانەگەیاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، ھێزە ئەمنی و ھەواڵگیرییەکان لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
هەروەها شانەی ئەمنی عێراق جەختیش دەکاتەوە، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ئاساییە و گەشتەکان دوانەخراون.