ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدات بە موچەخۆران كە دابەزینی نرخی نەوت گرفت بۆ دابەشكردنی موچە دروست ناكات.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاندووە " بەهۆی نەبونی خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا، نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین، ئەوەش عێراق روبەڕوی كێشەی دارایی دەكاتەوە، چونكە لە بودجەی هەرسێ ساڵەكەدا نرخی خەمڵێنراوی یەك بەرمیل نەوت بە (٧٠) دۆلاری ئەمەریكی هەژماركراوە، بەڵام بەپێی پێشبینی ئابوریناسەكان نرخەكەی بۆ خوار (٧٠) دۆلار دادەبەزێت".
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت" رۆژانە عێراق سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، داهاتەكەشی بە (١٢٠) ترلیۆن دینار بۆ ئەمساڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها داهاتی نانەوتییش بە (٢٧) ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، كە دەتوانرێت بەبێ كێشە موچەی فەرمانبەرانی پێدابین بكرێت.
موعین کازمی، ئاشکراشی دەکات" لەگەڵ ئەوەی لە بودجەی ئەمساڵدا ٢١١ ملیار دینار بۆ خەرجییەكان هەژماركراوە، بەڵام بودجەی كارپێكردنی و تێچوەكانی حكومەت بۆ ئەم چەند مانگەی ساڵی ٢٠٢٤ كە ماوە، لە (١٥٠) ترلیۆن دینار تێپەڕناكات.
دابەزینی نرخی نەوت راستەوخۆ كاریگەری لە سەر خەرجی وەبەرهێنان بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکان، دەبێت، بەڵام ئەوەی كە گرنگە رانەگرتنی موچەی موچەخۆرانە كە بەدڵنیاییەوە گرفتی بۆ دروست نابێت.( موعین کازمی رایگەیاند ).