پەرلەمانی عێراق لەسەر یاسای باری کەسی کۆدەبێتەوە

 پەرلەمانی عێراق سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێك لە حزبەكان، بەڵام  سوورە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی و خستوویەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان، چالاکوانینیش دەڵێن" ناوەندە ئاینییەكان شوێنی دادگاكان دەگرنەوە و شەرعیەت دەدرێت لە بەشوودانی كچانی خوار ١٨ ساڵ".

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنەكانی ڕۆژی دوو شەممە ١٦ی ئەیلوولی بڵاوكردەوە، كە لە كاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆ دەستپێدەكات و تیایدا خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت.

بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە، دەنگ لەسەر دوو پڕۆژە یاسا دەدرێت و خوێندنەوەی دووەمیش دەكرێت بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی و هاوكات خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ دوو پڕۆژە یاسا دەكرێت.

بەپێی پەیامی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، كە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین گردبوونەوە و بەیاننامەیان دەركردووە، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و ئاستەنگ دروست كردن لەبەردەم كاروباری دادگاكان و یەكلایی كردنەوەی دۆسیەكان قورستر دەكات و مەرجەع و دیوانەكانی وەقفی شیعی و سوننی دەكاتە جێگرەوەی دادگاكان و هاوكات كێشەی گەورە بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری دروست دەكات و كێشەی گەورە دەخاتە نێوان هاوسەران لە بابەتی مەزهەب و هاوكات كێشەی گەورەی تەندروستی لێ‌ دەكەوێتەوە بەتایبەت لە بەشوودانی كچانی تەمەن بچووك.

ئەم هەموارە ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێكهاتەی شیعە پێشكەشیان كردووە، لەلایەن هێزە مەدەنییەكانەوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتیی دروستكردووە و هەموارەكە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی رێگە بە هاوسەرگیری كچانی منداڵ دەدات.
لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمە جاری سێیەمە لایەنە شیعەكان هەوڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتیی عێراقی دەدەن.




PM:07:50:14/09/2024