ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئاماری جیابوونەوەی هاوسەرانی لە عێراق بۆ چوارساڵی رابردوودا بڵاوکردوە و دەڵێت" لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٤٥هەزار و ٣٠٦حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، فازڵ غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژیی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند" لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، جگە لە هەرێمی کوردستان، ٣٥٧ هەزار و ٨٨٧ حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراقدا تۆمارکراوە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە ٢٠٢١دا ٧٣هەزار و ١٥٥، لە ٢٠٢٢دا ٦٨ هەزار و ٤١٠، لە ٢٠٢٣دا ٧١هەزار و`١٦حاڵەت و لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٤٥هەزار و ٣٠٦حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
غەڕاوی ئەوەشی خستەڕوو کە هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی هاوسەرەکان بۆ لێکتێنەگەیشتن، دەستوەردانی کەسوکار و هاوڕێ، هەڵکشانی توندوتیژی خێزانی، زیادبوونی ناپاکی هاوسەرگیریی دەگەڕێتەوە و خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لاوازیی تێگەیشتنی ئایینی و کێشە ئابوورییەکانیشی بە سێ هۆکاری دیکە جیابوونەوە وەسفکرد.
سەرۆکی ناوەندەکە بە پێویستیشیزانی، هەڵمەتێکی هۆشیاریی بۆ خستنەڕووی مەترسییەکانی جیابوونەوە کاریگەرییەکانی لەسەر خێزان و کۆمەڵگە دەستپێبکرێت.