لە عێراق مانگ گیران ڕوودەدات

نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لەم هەفتەیەدا دیاردەی مانگ گیران لە ئاسمان ڕوودەدات". 

نووسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە" بەپێی کاتەکانی هیلال بۆ ساڵی نوێی کۆچی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٤ دیاردەی مانگ گیران بەشێوەی نیمچەی لە ئاسمانی عێراق ڕوودەدات". 

نوسینگەی سیستانی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ڕێژەی (٨%)ی مانگ گیرانەکە لە شاری نەجەف دەبینرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرەتای قۆناغی مانگ گیرانەکە کاتژمێر (٥:١٣) خولەكی سەرلەبەیانی دەستپێدەکات و لە کاتژمێر (٥:٤٤) خولەکیش لوتکەی گیرانەکە دەبێت. 

لەبارەی کۆتایی هاتنی دیاردەکە، نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، باس لەوەدەکات، لە کاتی دەرکەوتنی خۆر واتە لە کاتژمێر (٥:٥١) خولەک مانگ بە گیراوی ئاوا دەبێت. 

پێشتریش سالار حاجی عەلی،شارەزای بواری كەشناسی و گەردوونی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، لە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە مانگ گیران ڕوودەدات و لە شاری سلێمانی، هەڵەبجە، كەركوك، هەولێر و دهۆك دەبیندرێت.



PM:08:39:16/09/2024