شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بڕیارە پرسی هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ بکات.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دوێنێ شەو گەیشتە بەغدا، دەربارەی پرسی مووچە و هاوتاکردنی مووچە و خانەنشینی سەربازیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیدا کۆبێتەوە، شاندەکە پێکهاتووە لە ژمارەیەک بەرپرسی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دارایی.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو " لەکۆبوونەوەکانی ئەمرۆ یەکلایی دەکرێتەوە تەمەنی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە یاخود هەر بە ٦٣ساڵیی دەمێنێتەوە، هەروەها لەکۆبوونەوەکان شێوازی هاوتاکردنی خانەنشینی پێشمەرگە یەکلایی دەکرێتەوە".
سەردانی شاندەکە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا کێشەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرنەکراوە و ناکۆکیش دەربارەی ژمارەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە.