سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆئەوەدا، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە بەرزی نرخی بەرهەمهێنان هەیە و کۆمپانیاکان ئامادەنین سازشی لەسەر بکەن.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوتەوە لەعێراق و هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەرهەمهێنانی نەوت لە یاسای بودجەدا، ٨ دۆلاری بۆ دانراوە، لە کاتێکدا گرێبەستەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ٢٦ دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان دیاری کردووە".
سودانی جەختی لەوەکردەوە کە عێراق پابەندە بە کەمکردنەوەی خۆویستانەی هەناردەی نەوت و قەرەبووکردنەوەی ئەو نەوتە زیادەیەی بەرهەمی هێناوە و وتیشی" هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە و کێشەی یاسایی هەیە کە پەیوەندیدارن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان و یاسای بودجە".
جەختیشی کردەوە، لەدانوستانەکانیاندا لەگەڵ کۆمپانییاکان و هەرێمی کوردستان، کۆمپانییاکان ئامادەنەبون سازش لە دابەزاندنی نرخی بەرهەمهێنان بکەن، وتیشی" چارەسەری دیکە ئەوەیە گۆڕانکاری لە یاسای بوجەی عێراق بکرێت کە ئەمەش ئەگەرێکی دورە".
سودانی، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی ئەگەری هەیە ئەم ساڵ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت وەتی" بەڵێ ئەگەری هەیە".