ئەمریکا: هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی سیستانی ڕەتدەکەینەوە

ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە پلانێک هەبێت بۆ بە ئامانجگرتنی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق.

ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردەوە" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر جۆرە بە ئامانجگرتنێکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ڕەتدەکاتەوە". 

دەشڵێت" سیستانی کەسایەتییەکی ئایینی دیارە کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهرەمەندە و دەنگێکی یەکلاکەرەوە و کاریگەرە لە پاراستنی ئارامی ناوچەکەدا ڕێزی لێدەگیرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. 

پەیامەکەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کاتێکدایە، پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل وێنەی ژمارەیەک کەسایەتییان بڵاوکردەوە کە لە نێویاندا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق تێدا بوو، هەروەها باسیان لەوەکرد کە" ناوبراو لە ئێستادا ئامانجی ئیسرائیلە". 



PM:04:02:10/10/2024