پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، دەربارەی پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، هۆشداری بە عێراق دەدات و دەڵێت" دەبێتە هۆی پێشێلکاری مافەکانی ژنان".
ئەمرۆ هەینی ١١ـی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵایکردەوە "هەموارە پێشنیازکراوەکەی یاسای باری کەسی، ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت، دەبێتە هۆی پێشێلکاری مافەکانی ژنان".
پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دەستخۆشی لەو ژنە پەرلەمانتار و رێکخراوە ناحکومیی و چالاکوانان و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە، کە دژ بەو پێشنیازە هاتوونەتە دەنگ و داوای پاراستنی مافەکانی ژنانیان کردووە.
پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات پلانێکی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی هاوسەرگیریی منداڵان و بە تاوان ناساندنی توندوتیژی خێزانی بگرێتەبەر و بەگوێرەی رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی جیاکاری دژ بە ژنان، مافەکانی ژنان و کچان بپارێزرێت.
یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای سزادان، ژنان و منداڵانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق بە شێوەیەکی یاسایی ناپارێزێت، داواشی لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا کردووە، پاڵپشتییەکانیان بۆ داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق زیاتر بکەن.
رۆژی٤ـی ئابی ٢٠٢٤ پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ چەند یاسایەکی باری کەسی ئەنجامدا، لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٧شدا هەموارکردنی هاوشێوە لە پەرلەمان پێشکەشکرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی بەرفراوانەوە نەتوانرا تێپەڕێنرێت، لە ٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ پەرلەمانی عێراق هەوڵیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ رەشنووسی پڕۆژەیاساکە بکات، بەڵام بەهۆی بایکۆتی پەرلەمانتارانەوە نیسابی یاسایی تەواونەبوو.