بریارە سبەی وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی بەغداد بکات بۆ تاوتوێی پرسە ناوچەییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، ئەوەش لە درێژەی سەردانەکەیدایە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بە گوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی سبەی عەباس عێراقچی سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە کۆدەبێتەوە.
ئاژانسەکە ڕونیشی دەکاتەوە سەردانەکەی عێراقچی چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ رێگری لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و لوبنان دەکرێت.
عەباس عێراقچی، هەفتەی رابردو، سەردانی لوبنان و سوریا و سعودیەی کرد، بە ئامانجی دروستکردنی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل و رێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.