وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت: محەمەد شیاع سودانی هەوڵەکانی چر کردوەتەوە تا بە ڕێگەی دیپلۆماسی کار بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە بکات و داوایشی لە ئەمریکا و ڕوسیا و چین کردوە، هەوڵی ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان بدەن..
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای گواستنەوەی شەڕەكان لە غەززەوە بۆ لوبنان، لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە کار بۆ کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکان بکات، هەر لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا و ڕوسیا و چین لە بەغداد کۆبوەتەوە و پێی ڕاگەیاندون کە دەبێت ڕۆڵیان هەبێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە.
ئاماژەی بەوەش کردوە: بنیامین نەتانیاهۆ و قەوارەکەی توشی هێستریا بون، هەر بۆیە پێویستە نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە پابەندیان بکات بە وەستاندنی دەستدرێژییەکان.
لەبارەی هاتنی ئاوارەی لوبنانییەوە بۆ عێراق، وتەبێژەکەی حکومەت دەڵێت: تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار لوبنانی هاتونەتە عێراق و پێشبینیش دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتو ژمارەیان بگاتە ١٠ هەزار.