پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە.
ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" لە درێژەی کۆبوونەوەکانی، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان، دواینوەڕۆی ئەمڕۆ بە یاوەری شاندێک گەیشتە بەغداد".
بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی بۆ عێراق، عەباس عێراقچی بەرەو عومان بەڕێدەکەوێت بۆ درێژەدان بە ڕاوێژکارییە ناوچەییەکانی کە لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە.
هەروەها لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد کە چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، وەزیری دەرەوەی ئێران چاوی بە هاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حسێن، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەکەوێت.
ئامانج لە سەردانەکەی عێراقچی بۆ بەغدا، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەیە کە بازنەی شەڕ فراوان نەبێت.