لایەنگرانی گروپە چەکدارەکانی عێراق سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، هێرشیانکردە سەر ئۆفیسی کەناڵی (ئێم بی سی) لە بەغداد، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنەکە کە لەلایەن ژووری هەواڵەوە پەخشکرابوو.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی جامیعە لە بەغدای پایتەخت لایەنگرانی گروپە چەکدارەکانی عێراق هێرشیانکردە سەر ئۆفیسی کەناڵی (ئێم بی سی) کە لەلایەن سعودیەوە خاوەندارێتی دەکرێت".
وەک میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاندووە" هێرشەکە لە کاردانەوەی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی کەناڵەکە بووە کە خۆپیشاندەران باس لەوەدەکەن ئەو ڕاپۆرتە سوکایەتی بە سەرکردەی گروپە چەکدارەکان دەکەن، ئەمەش شەپۆلێکی توڕەیی و ئیدانەکردنی لەنێو ڕیزەکانیاندا لێکەوتەوە".
دەشڵێن" خۆپیشاندەرانی نارازی ئامێر و کەلوپەلەکانى ناو ئۆفیسەکەیان شکاند و ئاگریان تێبەردا، بەڵام لە ئێستادا تیمەکانى بەرگری شارستانى ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بڵاوەش بە خۆپیشاندەرەکان کراوە".