دادگای تاوانەکانی موسڵ سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری شارەوانی موسڵ دەرکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک حوکمدا کە دژی بەرپرسانی نەینەوا دەرچووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی (شەفەق نیوزی) ڕاگەیاندووە" دوێنێ دووشەممە دادگای تاوانەکانی موسڵ سزای شەش مانگ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری شارەوانی موسڵ، عەبدولستار حەبۆ دەرکردووە، لەگەڵ غەرامەکردن".
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیکردەوە کە بڕیارەکە" بە تۆمەتی پێشێلکاری کارگێڕی بووە کە حەبۆوە ئەنجامی داوە، بەتایبەتی سەبارەت بە کارەکەی و بەکرێگرتنی دوکانەکانی لە دەرەوەی ڕێکارەکان".
ئەوەشی خستەڕوو، هەر دوێنێ دادگای تاوانەکانی موسڵ سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر نەجم جبوری پارێزگاری پێشووی نەینەوادا سەپاندووە لەگەڵ غەرامەکردن، بە تۆمەتی ڕەوانەکردنی یاریگا وەرزشییەکان بە سەرپێچی یاسایی.