پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەمواری پرۆژە یاسای باری کەسێتی دەدات

هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دەنگدان لەسەر یاسای باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی و چەند پڕۆژە یاسایەکی دیکە کۆدەبێتەوە. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، كاتژمێر (١:٠٠)ی دواینیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بەڕێوەدەچێت. 

بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسایەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵکانەی بۆ خاوەنەکانیان کە هەندێک بڕیاری ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشگێڕی (هەڵوەشاوەتەوە) دەیانگرێتەوە.

هەروەها بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتییە لە، دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیارکراوی باری کەسی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩، مادەکانی (٢، ١٠)، و دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠١٦. 

لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنووسی یاسای پاراستنی خاوەندارێتی هزری، و تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنووسی یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی دەبێت. 



PM:05:16:24/10/2024