لە کاتێکدا ملیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دەیانەوێت عێراق لە شەڕی نێوان " بەرەی مقاوەمە " و ئیسرائیلەوە بگلێنن، سودانی رایدەگەیەنیت" بڕیاری جەنگ و ئاشتی بە دەست دەوڵەتە ".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای واست لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک هۆز و پیاوماقوڵانی پارێزگاکە جەختیکردەوە، ئەوە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانییەتی بڕیاری جەنگ یان ئاشتی دەدات و، وتی "هەر کەسێک پێچەوانەی ئەوە کاربکات و لەوە دەربچێت، ئەوا خۆی لەبەرامبەر دەوڵەت دەبینێتەوە".
کە بەگوتەی سودانی "پشتئەستوورە لە یاسا و دامەزراوە دەستوورییەکانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت، هەماهەنگی و هەوڵی هەمووانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان بە پێویست دەزانێت.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سودانی جەختیکردەوە لە هەڵوێستی "نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ رەتکردنەوەی دەستدرێژیی و هێرشە دڕەندانەکان کە دەکرێتە سەر گەلانی فەڵەستین و لوبنان" کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر هەڵوێستەکانی لەو رووەوە، سووربووە".
میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران کە لە عێراقدان بەدەیان جار هێرشیان کردۆتەوە سەر ئیسرائیل و هێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق و سوریا، ئیسرائیل بەهۆی شەڕی حەماس و لوبنانەوە تا ئێستا دانی بەخۆدا گرتووە.