پەرلەمانی عێراق سێ پڕۆژە یاسا دەخاتە دەنگدانەوە

پاش ئەوەی دوێنێ بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەوە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا، بڕیارە سبەی دانیشتنەکە بۆ دەنگدان بە چەند پڕۆژە یاسایەک بەڕێوەبچێت.

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، كاتژمێر (١:٠٠)ی دواینیوەڕۆی سبەینێ سێشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بەڕێوەدەچێت. 

بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی و پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی دەدرێت، هەروەها دەنگ لەسەر بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی رژێمی پێشوو دەدرێت. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو دوێنێ ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام لە ئەنجامی ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی سونە لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و موڵکی ئەو کەسانەی کە یاساکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە، کۆبوونەوەکە دواخرا.



PM:09:22:28/10/2024