ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە گەندەڵی هەبووە لە گرێبەستێکدا لە وەزارەتی ژینگەی عێراق کە "وەزیرەکەی کوردە" ( یەکێتی ) و هەفتەی رابردوو دەستی لە کارکێشایەوە.
عالیە نسەیف ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەیەکی کەناڵی دیجلەدا وتی " قەرزێکی بەریتانی هەبوو ١٠ ملیار دۆلار، بەشێکی دانراوە بۆ پرۆژەیەک لە وەزارەتی ژینگە کە سێ گرێبەست بووەو بەهاکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، لەم گرێبەستانەدا گومانی گەندەڵی هەبووە ".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" ئەو گرێبەستانە لە رۆژی هەینیدا واژووکراوە، مامەڵەکەی چوار رۆژی خایاندووە، ئەو کۆمپانیایەی هەڵبژێردراوە شارەزایی لەو بوارەدا نەبووە، توانای مادیشی نییە، ئێمە گومانمان کرد لەم گرێبەستانە ".
"کەوتینە لێکۆڵینەوە وەک دەستەی نەزاهەی پەرلەمان و بانگکردنی بەرێوەبەرە گشتییەکان، یەکێک لە بەرێوەبەرەکانی وەزارەتمان بانگکرد دانی بە بوونی گوماندا نا"( پەرلەمانتارەکە ئەم زانیاریانەشی راگەیاند).
لە درێژەی قسەکانی نسەیفدا دەڵێت " نامەمان بۆ سەرۆک وەزیران نارد، یەکسەر پرۆژەکەی راگرت".
بێژەرەکەی کەناڵی دیجلە دەڵێت: ئەوە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکە، نەسەیف دەڵێت" لایەنەکەی پابەندبوو بە سەپاندنی ئەو رێوشوێنە".
هەفتەی رابردوو نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق لەسەر پشکی یەکێتی دەستی لە پۆستەکەی کشاندەوە.
بۆ بینینی ڤیدیۆکە تەماشای
ئەم لینکە بکە..