بانکی بازرگانی عێراق بۆ بە بانکیکردن مووچەی مووچەخۆران گرێبەستیان لەگەڵ "هەژماری من" واژۆ کرد


ئەمشەو یەک شەممە لە راگەیەندراوێکدا بانکی بازرگانی ئاشکرایکرد کە لەگەڵ " هەژماری من " بۆ تەوتین واژۆی گرێبەستێکیان کردووە، بەمەش بە ئەندازەیەکی زۆر ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر " هەژماری من " و " تەوتین " یەکلاییکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەی بانکی بازرگانی عێراقدا هاتووە " بانكەكەیان گرێبەستێكی لەگەڵ پڕۆژە هەژماری من ئیمزاكردوە كە تایبەتە بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە " گرێبەستەكە لەنێوان بانكەكەیان و حكومەتی هەرێم كوردستان ئیمزاكراوە، ئەوەش بەپێی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی و پاڵپشت بە بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەبارەی پێویستی بەشداریكردنی بانكی TBI لە پڕۆسەی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەو راگەیاندنەی بانکی ناوەندی وردەکاری نەگرتۆتە خۆی کە ئەو مووچەخۆرانەی لە بانکەکانی عێراق تەوتینیان کردووە، چیان بەسەردێت، هەروەها ئاماژە بەوە نەکراوە کە مووچەخۆران ئازادن لە کام بانک مامەڵەی بە بانکیکردن بکەن.

" تەوتین " و "هەژماری من " بۆ بەبانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پرسێکی هەڵبژاردنی نێوان پارتی و یەکێتی بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، هەروەها خەڵکێکی زۆری دەڤەری سلێمانی لایەنگری تەوتین و دژی هەژمارن.




AM:12:24:04/11/2024