ئەمڕۆ دووشەممە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، چەند فاکتەرێکی بۆ "سەقامگیرکردنی وڵات" دەستنیشانکرد، جەختی لەوە کردەوە کە عێراقییەکان" رێگایەکی دوورودرێژیان هەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە".
بەپێی بەیاننامەیەکی نوسینگەکەی لە نەجەف، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان لە عێراق، پێشوازی لە محەمەد حەسان نوێنەرى سکرتێرى گشتی نەتەوەیەکگرتووکان لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا محەمەد حەسان ڕوونکردنەوەیەکی کورتی سەبارەت بە ئەرکەکانی نوێنەرایەتی نێودەوڵەتی و ئەو ڕۆڵەی کە ئامانجیەتی لە قۆناغی داهاتوودا بیگێڕێت، ڕوونکردنەوەیەکی کورتی بە سیستانی داوە.
لە لایەکی دیکەوە سیستانی ئاماژەی بە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەرکەکەی خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.
هەروەها مەرجەعی باڵای شیعەکان ڕایگەیاند"عێراقییەکان بەتایبەت نوخبە هۆشیارەکان، پێویستە وانە لەو ئەزموونانە وەربگرن کە پێیدا تێپەڕیون و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ تێپەڕاندنی شکستەکانیان و زۆر کاربکەن بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکەیان کە تێیدا هەمووان چێژ لە ئاسایش، سەقامگیری وەربگرن، پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ببینن".
جەختیشی لەوە کردەوە کە" ئەوە نایەتەدى بەبێ دانانى پلانێکى زانستى و کرداری بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەسەر بنەماى دەستپاکى و رێگرى لە دەستوەردانى دەرەکى بە سەرجەم شێوازەکانى، چەسپاندنى دەسەڵاتى یاسا، سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت و بنەبڕکردنى گەندەڵى لە هەموو ئاستەکاندا".
سیستانی وتیشی" عێراقییەکان ڕێگایەکی دوور و درێژیان لە پێشە تا ئەو کاتەی بەم شتە دەگەن، خوای گەورە یارمەتیان بدات".