عێراق و سعودیە ڕێککەوتنێکی سەربازییان واژوو کرد

دوێنێ دووشەممە وەزیری بەرگری عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە شانشینی عەرەبی سعودیە، هاوکات لەو سەردانەدا ڕێککەوتن لەسەر دانیشتنەکانی مانۆڕی سەربازی لە نێوان عێراق و سعودیە واژوو کرا. 

وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" لە چوارچێوەی هاوکاری هاوبەشی ناوچەی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ، وەزیری بەرگری عێراق سابت محەمەد سەعید عەباسی، گەیشتە شانشینی عەرەبی سعودیە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری بەرگری عێراق بە ئامادەبوونی سەفیە سوهەیل باڵیۆزی عێراق لە شانشینی سعودیە لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی، شازادە خالید بن سەلمان کۆبووەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکران، هاوکات چەند تەوەرێکی دیکەش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا کە گرنگترینیان پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگترین هەوڵەکان بوون بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان، هەروەها باس لە میکانیزمی مەشقی هاوبەشی نێوان هێزەکانی عێراق و سعودیە کرا. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا کە خول و مەشقی سەربازی هاوبەش لە نێوان هەردوو سوپادا ئەنجام بدرێت، هاوکات هەردوولا لەسەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە بریندارانی سوپای عێراق بە مەبەستی تیمار و چارەسەرکردن ڕەوانەی سعودیە بکرێن". 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ هاریکاری سەربازی هاوبەشی نێوان عێراق و سعودیە لەلایەن وەزیری بەرگری و هاوتا سعودیەکەیەوە واژوو کرا. 



AM:09:44:05/11/2024