وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە ساڵێكدا ٦٠٠ باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری كار و چالاكیەكانی لەساڵێكدا بڵاوكردەوە، دەڵێت: سەدان باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون و ڕێژەی تاوان لەسەرتاسەری وڵات كەمی كردوە.

عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەماوەی ١٢ مانگی ڕابردودا ٦٠٠ باندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێنراونەتەوە، ئاماژەی بەوەش دا، بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر كەمی كردوە و هاریكاری نێودەوڵەتی و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر.

وتیشی: گەندەڵیی ئافاتێكی مەترسیدارە و مەترسییەكەی لە تیرۆر و تاوان و ماددەی هۆشبەر كەمتر نییە، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ سورە لەسەر بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیی و لە ساڵێكدا دو هەزار و ٤٩٧ ئەفسەر و كارمەند دەركراون بەهۆی ساغبونەوەی تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و ئیداری و سەرپێچی تر بەسەریاندا.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ وتیشی: ڕێژەی تاوان و پێكدادانی هۆزەكان لەسەرتاسەری عێراق كەمی كردوە و بە وتەی ئەو، دۆسێی ڕفاندن نەماوە.



PM:08:19:05/11/2024