مەترسی وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئیسرائیلەوە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کۆکردەوە و لەکۆبوونەوەکە جەخت لە دوورخستنەوەی عێراق لە شەڕ کرایەوە.
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی ئیدارەی دەوڵەت هەڵسەنگاندنی بۆ کارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراق کردووە و داوایکردووە وەرزی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق درێژ بکرێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە هەستیارەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە داوای هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە پێناو پەسەندکردنی هەندێک یاسای گرنگە بەتایبەت هەمواری مادەیەکی بودجەی عێراق تایبەت بە 'نەوت' کراوە.
هاوپەیمانییەکە جەخت لە کاری پێکەوەیی دەکاتەوە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لەشەڕ و رێگری لە فراوانبوونی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە.