سودانی و ترەمپ جەختیان لە کاری هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغداد کردەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جەخت لە ویستی درێژەدان بە هاوبەشیی ستراتیجیی نێوان هەردو وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان دەکەنەوە..

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە" بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەنجام داوە و تێیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک و گەلی ئەمریکا کردوە".

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە پەیوەندییەکەدا، هەردولا جەختیان لە درێژەدان بە هاوبەشیی ستراتیژیی و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە، نەک تەنیا لە ڕوی ئەمنی، بەڵکو لە بواریی ئابوریی، وزە و تەکنەلۆجیاشدا، پەیوەندییەکان بەهێزتر بکەن.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ترەمپ ویستی پێکەوە کارکردنی لەگەڵ سودانی نیشان داوە و چاویشی لەوەیە لە نزیک ماوەدا یەکتر ببینن و پەیوەندییەکانی نێوان واشتۆن و بەغداد تاوتوێ بکەن.

لای خۆشییەوە سودانی، دوپاتی کردەوە ئومێدی بە بەڵێنەکانی ترەمپ هەیە کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، باسی لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد.



AM:10:48:09/11/2024