" عێراق نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی ئەمەریکا دەگەیەنێتە تاران "
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا وەفدێکی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەلئەعرەجی و بەشداری چەند بەرپرسێکی تری عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێم، رێبەر ئەحمەد سەردانی تارانیان کردو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکان نامەیەکیان گەیاندۆتە لایەنی ئێرانی.
کەناڵی سکای نیوزی ئیماراتی ئەمشەو ١٢ ی تشرینی دووەم بڵاویکردەوە، کە ئەو وەفدە بە مەبەستی گەیاندنی نامەیەکی ئیدارەی ئەمەریکی بە بەرپرسانی ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.
لە بارەی ناوەرۆکی نامەکەوە، ئاماژە بەوە کرا کە ناوەرۆکی نامەکەی هەڕەشەیەکی راشکاوانە بووە لە ئێران کە ئەگەر ئێران هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا رووبەڕووی دەرئەنجامێکی کارەستبار دەبێتەوە.
رۆژی ١٠ ی تشرینی دووەم ، بە سەردانێکی فەرمیی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنیی کە لە نێویاندا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانی تێدابوو، سەردانی ئێرانیان کرد و لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران کۆبوونەوە.
AM:12:41:13/11/2024