ناوخۆی عێراق: دەبێت کرێکارانی بیانی لە ماوەی مانگێكدا مامەڵە یاساییەکانیان تەواو بکەن

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ماوەی مانگێك مۆڵەت دەداتە کرێکارانی بیانی بۆ ئەوەی مامەڵە یاسایەکانیان رێک بخەن، هۆشدارییش دەداتە ئەو لایەنانەی ئەو کرێکارانە داڵدە دەدەن بەبی مۆڵەت

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: لە ٢٥ـی ئەم مانگەوە تاوەکو ٢٥ـی مانگی داهاتو مۆڵەت هەیە بۆ ئەو کرێکارە بیانیانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ ئەوەی مامەڵە یاساییەکانیان رێک بخەن.

ئاماژەی بەوەش کرد: هەر کەسێك لەسەری بسەلمێت کە تێوەگلاوە لە بەقاچاخبردن، داڵدەدان و کارپێکردنی ئەو کرێکارە بیانیانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی دزەیان کردوەتە ناو خاکی عێراق، ئەوا دەدرێتە دادگا، ڕێوشوێنی توندیش دژی ئەو کەس و کۆمپانیایانە دەگیرێتەبەر کە رۆڵیان لە دزەپێکردنی کرێکارە بیانییەکاندا هەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە، نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق کار دەکەن، بە گوێرەی سەندیکای کرێکارانی عێراق، نزیکەی ٧٠%یان بەبێ مۆڵەت کاردەکەن.



PM:08:54:14/11/2024