سەرکردەیەکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات بوونی گوشارەکانی ئەمریکای بۆسەر ئیسرائیل ئاشکرا کرد بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر عێراق.
سەعد موتەلەبی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی تشرینی دووەم لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە" تا ئێستا قەوارەی زایۆنی هیچ جۆرە هێرشێکی شەڕانگێزانە بۆ سەر عێراق ئەنجام نەداوە، لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکانی کوتلە عێراقییەکان".
وتیشی" هەر هێرشێکی ئیسرائیل کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن".
موتەلەبی ئەوەشی خستەڕوو، گوشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل هەیە بۆ ئەوەی نەتوانێت هەر جۆرە هێرشێک لە دژی عێراق ئەنجام بدات، لە ترسی ئاڵۆزبوونی پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن، بەتایبەتی کە ڕێککەوتنێکی ئەمنی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە دوو وڵاتەکە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەمریکا فشارێکی بەهێز دەخاتە سەر ئەو لایەنە.