ئەعرەجی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی ئەمنی نێوان بەغداو تاران هاتۆتە سلێمانی


نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند " سەردانەكەی قاسم ئەعرەجی، بۆ سلێمانی بۆ بەدواداچوون بووە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران".

دوێنێ ١٧ ی تشرینی دووەم قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی سلێمانی کرد و لەبەردەم بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیدا مایکێکی لە گیرفانی دەرهێناو هاوشێوەی تاڵەبانی کێشای بە زەویدا، (مایک کێشان بە زەویدا سووربوونە لەسەر جێبەجێکردنی بریارێک). 

نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لەژێر ڕێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، بە یاوەری شاندێكی ئەمنی، سەردانی سلێمانی كرد، بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران.( رێککەوتنەکە پاراستنی سنور لە رووی گرووپە چەکدارەکان و راگوێزانی پێشمەرگەکانی  کۆمەڵە و دیموکرات و پارتی ئازادیە بۆ ناو کەمپەکان و چەککردنیان ). 

" قاسم ئەعرەجی و شاندی ئەمنی یاوەری لەگەڵ سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان كۆبوونەوە، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، هەروەها باس لە جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران كرا، گفتوگۆ لەسەر پێداچوونەوە بە واقیعی ئەو كەمپانە كرا كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دیاریكرابوون هەروەها تەواوی وردەكاری و زانیاری نێو ڕێككەوتنەكە. ( راگەیاندنی ئاسایشی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بۆ دەکات ).

هەرلەوڕاگەیەندراوەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو كەمپانەی كە بەپێی ڕێككەوتنی ئەمنی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ نیشتەجێكردنی پارتەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دروستكراون ئامادە كراون بۆ بەكارهێنان.




AM:09:20:18/11/2024