لە شەڕی دوو بنەماڵەدا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژرا و ٦٠ كەسیش دەستگیرکران

لە شەڕی دوو بنەماڵە لە پارێزگای موسەنا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەكان کوژرا  و ٦٠ كەسیش لەلاین هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردەوە؛ شەوی رابردو لە ناحیەی كەرامەی پارێزگای موسەنا لەسەر كێشەی زەوی و زار شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوە چەكی جۆراوجۆریش لە شەڕەكەدا بەكارهێنراوە.

بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆ، بەهۆی شەڕی ئەم دوو بنەماڵەیەوە ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان كوژراوە و یەكێكی دیكەیش بریندار بوە، بەهۆی تێوەگلانیش لە شەڕەكەوە ٦٠ كەس لە هەردو بنەماڵەكە دەستگیركراون و چەندین چەكیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەخت دەكاتەوە كە تەواوی ئەو كەسانەی لەم شەڕەوە تێوەگلاون روبەڕوی یاسا دەبنەوە و هەركەسیش ببێتە هۆی رشتنی خوێن بە ناهەق قورسترین سزا دەدرێت.



PM:02:57:19/11/2024