بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای بەشداریکردنی لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت"
گرنگی بەو دەنگۆیانە نەدەن کە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی وڵاتەکە دەدەن".
نوسینگەی سودانی بڵاویکردەوە" بەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی بەشداریی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی کرد و سەرجەم زانیارییە پێویستەکانی لەبارەی خۆی و خێزانەکەیەوە پێشکەش بە تیمەکانی بژمێر کردووە".
هەروەها سودانی لە پەیامێکدا جەخت لەسەر هاوکاریکردنی سەرجەم هاوڵاتییان لەگەڵ تیمەکانی سەرژمێری و پێدانی زانیاری دروست بە تیمەکانی بژمێر دووپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە" پێویستە گرنگی بەو دەنگۆیانە نەدرێت کە هەڵگری درۆ و چەواشەکارییە، هەوڵیش بدرێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم هەنگاوە زانستییە بنیاتنەرە کە بۆ ئایندەی نەوەکانمان یەکلاکەرەوەیە".
قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوان کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا کۆتایی سبەی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت.