راوێژکاری دارایی و ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق ژمارەیەک سوودی سەرژمێری گشتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت" ژمارەی بێ کاری دیاریدەکات و دەتوانێت قەلاچۆی بێکاری بکات".
مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سودانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " بەهۆی ئامارەکانی سەرژمێریییەوە، حکومەت دەتوانێت ئەو ناوچانەی خزمەتگوزارییان کەمە، وەبەرهێنانیان تیادا بکرێت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیشیان بۆ دابین بکرێت."
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت " هەر بەهۆی ئامارەکانی سەرژمێرییەوە، دەتوانرێت رێژەی بێکاریی بە تەواوەتی بزانرێت، لەو رێگەیەشەوە دەتوانرێت پلانی دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی بێکارن جێبەجێ بکرێت".
لە کاتژمێر (٧:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆوە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی دەستیپێکرد و لە پرۆسەکەدا زیاتر لە (١٣٠) هەزار بژمێر بەشدار دەبن و چەند پرسیارێک لەبارەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دەکەن.
هەروەها سبەینێ پێنجەممەش لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان بەردەوام دەبێت.
هاوکات بەهۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتوانەوە، لە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ڕابردووەوە لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق قەدەغەی هاتووچۆ دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ٢١ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.