لەبارەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پوتین پەیوەندی بە سودانییەوە دەکات

ئەمڕۆ پێنج شەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا سەبارەت بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێیکرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سودانی، ئەمڕۆ ٢١ی تشرینی دووەم، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆكی ڕووسیاوە ڤلادیمێر پوتینەوە پێگەیشت.

ئاماژەبەوەشکراوە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و كۆماری فیدراڵی ڕووسیایان تاوتوێكرد، هەروەها ڕێگەكانی پەرەپێدانیان بەشێوەیەك كە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بەدی بهێنێت.

هەر لە پەیوەەندییەكەدا گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەكانی بارودۆخی ناوچەكە كرا، تێیدا دووپاتیانكردەوە لەسەر گرنگی هەوڵی زیاتری زلهێزەكان بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ و ڕێگریكردن لە فراوانكردنی بە شێوەیەك كە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكە و دنیا بكات.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" لایەنە جۆراوجۆرەکانی کاری هاوبەش لە چوارچێوەی (ئۆپێک+) تاوتوێکران، کە ڕێگە بە پاراستنی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانی دەدات، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە هەماهەنگی هەنگاوەکان لەم ڕووەوە کرایەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا تاوتوێ کراوە.



PM:03:56:21/11/2024