پارێزگاری دیالە ڕایدەگەیەنێت" سەرژمێری دانیشتوانی پارێزگاکە بە ڕێژەی ١٠٠% تەواو بووە".
عەدنان شەمەری پارێزگاری دیالە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی تشرینی دووەم لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە مەیجر جەنەڕاڵ ئەکرەم، ڕایگەیاند" سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە پارێزگاکە بەڕێژەی ١٠٠% تەواو بووە".
شەمەری ڕاشیگەیاند" سەبارەت بە ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، ئەوانەشی کە بوونی ڕاستەقینە یان ماڵیان نەبووە، لە سەرژمێرییەکەدا ناویان تۆمار نەکراوە".
هەروەها لای خۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا پشتڕاستیکردەوە کە، قەدەغەی هاتووچۆ دوای کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو هەڵدەگیرێت لە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی سەرژمێری.
ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندبوون بە قەدەغەی هاتووچۆ زۆر نایاب بووە، و هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکراوە.
لە کاتژمێر (٧:٠٠)ی بەیانی دوێنێوە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی دەستیپێکرد و لە پرۆسەکەدا زیاتر لە (١٣٠) هەزار بژمێر بەشدار دەبن، بەو هۆیەشەوە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە و پرۆسەکەش تا کاتژمێر (١٢)ی ئەمشەو بەردەوامی دەبێت.