"بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی دژی نەتانیاهۆ و گالانت مێژووییە"

حکومەتی عێراق ستایشی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی دەکات، بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل.

باسم عەوادی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" حکومەتی عێراق هەڵوێستی بوێرانە و دادپەروەرانەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەرز دەنرخێنێت، لە دەرکردنی دوو فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری پێشووی، لەسەر بنەمای تۆمەتبارکردنێک کە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ سزای داون". 

دەشڵێت" ئەم بڕیارە مێژووییە ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە نادادپەروەری چەندە دوور بچێت و هەوڵی بەردەوامبوونی بدات، دادپەروەری و ڕاستی بەرامبەری دەوەستنەوە و ڕێگری لە حوکمڕانی جیهان دەکەن، بڕیارەکەش دادپەروەرییە بۆ خوێنی بێتاوان و شەهیدان کە لە کاتی شەڕی تاوانکاریدا سەریهەڵدا کە قەوارەی زایۆنی زیاتر لە ساڵێکە دژی غەززە و لوبنان ئەنجامی دەدات". 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسم عەوادی داوا لە هەموو وڵاتان دەکات کە" ئەم بڕیارە جێبەجێبکەن و ئەوانەی خوازراون ڕادەستی دادگای کارامە بکەن بۆ وەرگرتنی سزای خۆیان لەسەر ئەو پێشێلکارییە ئاشکرای کە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامیانداوە". 

پەیامەکەی وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هه‌ریه‌كه له‌ بینیامین نەته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و یولاف گالانت وه‌زیری به‌رگری دورخراوه‌ی ئیسرائیل دەرکرد. 



PM:06:36:21/11/2024