هێزەكانی ئەمریكا هێزی سەربازی نوێی لە بنکەکانی عێراقەوە ڕەوانەی بنکەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات.
ئاژانسی سپۆرتینگی ڕوسی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی تشرینی دووەم لەڕاپۆرتێكدا بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکان هێزی سەربازی نوێی لە بنکەکانی عێراقەوە ڕەوانەی بنکەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا، پردێکی ئاسمانی لە بنکەکانی لە عێراقەوە بۆ بنکەکانی دیکەی لەسوریا دروستكردوە، کە دەکەوێتە دەوروبەر و ناوەوەی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئاژانسەکە باسی لەوەشكردوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکی لە بنکەی "ماڵی وەزیری پێشوی ئاودێری" نیشتوەتەوە، نزیک بەنداوی حەسەکە لە دوری ٢٠ کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای شارەكە، كە پێداویستی سەربازی و لۆجستی پێبوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، نیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکەی ئەمریکا هاوکات بوە لەگەڵ مەشقی سەربازی گەورە کە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەكەكانی ناوچەكە ئەنجامیانداوە، کە بریتی بون لە بەکارهێنانی تۆپخانە، فڕۆکەی سەربازی و چەکی دژە فڕۆکە، هەروەها ئاگاداری ئەمنی لە دەوروبەری بنکەکە بەرزبوەتەوە، ئەوەش بوەتەهۆی حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا.
بەگوێرەی ئاژانسەكە، سوپای ئەمریکا کە سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات، بەردەوامە لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بۆ بەهێزکردنی بنکەکانی لە ناوچەکە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر ئەو بنکانە .