لەبارەی هەڕەشەكانی ئیسرائیل عێراق نامەیەک بۆ لایەنە نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان دەنێرێت

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عێراق.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە" عێراق پایەیەکی سەقامگیرییە لە ژینگەی ناوچەی و نێودەوڵەتییەکەیدا، هەروەها لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین پابەندن بە پرەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەیە، پەیامی قەواری ئیسرائیلی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ دروستکردنی تۆمەت و بیانوو بە ئامانجی فراوانکردنی ململانێکان لە ناوچەکەدا". 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پەنابردنی عێراق بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لە پەرۆشییەکەیەوە دێت بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە ڕۆڵی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکات، هەروەها پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و لوبنان، بۆ ئەوەی قەوارەی ئیسرائیل پابەند بکات بە وەستاندنی توندوتیژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە و واز لە هەڕەشەکان بهێنێت.

وەزارەتەکە دەشڵێت" عێراق حەزی لە خۆگرتنە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتێکی دراوسێ، جەختیش لە گرنگی دەستێوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕەفتارە شەڕانگێزانە دەکەینەوە کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە". 

هەروەها وەزەرەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵ ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی داوای هەوڵی هاوبەشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنی ئیسرائیل لە ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بەمەش بەشداری دەکات لە بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هەر بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوە عێراق کە تێیدا داوای کردووە نوسراوەکە بۆ وڵاتانی ئەندام وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی بخرێتە سەر ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان.



PM:01:31:23/11/2024