كەشناسی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ شەپۆلێكی سەرما و بارانی چڕ و بەخوڕ چەند پارێزگایەك دەگرێتەوە".
دەستەی كەشناسی عێراق، لە هۆشدارییەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ شەپۆلێكی بارانبارینی چڕ و بەخوڕ كە هەورە بروسكەی لەگەڵدا دەبێت، پارێزگاكانی سلێمانی، میسان، واست، دیالە، سەڵاحەدین و بەسرە دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە كاتەكانی ئەمشەو و بەیانیدا پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن.
کەشناسی عێراق لە بەشێکی تری هۆشدارییەکەدا باس لەوەشدەکات، بەهۆی بارانبارینی چڕەوە لافاو لە بەشێکی ناوچەکان دروست دەبێت و مەودای بینینیش كەمدەبێتەوە، هەروەها لە ئەنجامی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما بەستەڵ و بەستن لە رێگەكانی دەرەوەی شارەكان لە باكور و رۆژئاوای عێراق دروستدەبێت.