لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی سوریا، سودانی ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی بەشار ئەسەد و هاوکات بە فەرمانی سودانی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا بەتەواوی داخرا.
ئاژانسی سانای سوریا ئەمڕۆ شەممە ٣٠ تشرینی دووەم بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوایین پێشهاتەکان و هاوکاری هاوبەشی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ دەکات.
ئاژانسەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە لە پەیوەندییەکەدا سودانی ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتیوانییەکی پێویست بۆ سوریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەموو ڕێکخراوەکانی.
هەر لە چوارچێوەی دوایین ڕووداوەکانی ناوچەکە قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندووە: لەسەر فەرمانی سوودانی و دوابەدوای فراوانبوونی گرژییەکانی سوریا سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا بەتەواوەتی داخراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو زیاتر لە ١٤٠ شار و شارۆچکەی پارێزگای حەڵەب کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە دوایین ڕوداویشدا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا گەیشتوونەتە ١٠ کیلۆمەتی سەنتەری پارێزگای حەما.