کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە ئامادەبوونی سودانی بەڕێوەچوو

کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرپەرەشتی سودانی بەڕێوەچو،و تێیدا جەختکراوە لە کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا و ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر چەشنە  هەڕەشەیەک.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی کانوونی یەکەم  رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی فەرماندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەکەی گرتووەتەوە بەڕێوەچوو. 

بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی سودانی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو دۆخەی سوریای گرتووەتەوە کراوە، کە تێیدا فەرماندەیی پاسەوانی سنوور بە وردی بارودۆخی سنووری عێراقی لەگەڵ سوریا تاوتوێ کراوە.

جەختیشکراوەتەوە لە ئامادەیی پێویست بۆ هەنگاوی بەپەلە  بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق لەگەڵ سوریا. 

سودانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە"پێویستە سنوورەکانی عێراق توندوتۆڵ بکرێتەوە و دووپاتیشی کردووەتەوە، رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک دەبنەوە بکرێتە سەر عێراق و سەروەرییەکەی".

ئەوەش لە کاتێکدایە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ڕۆژە میلیشیاکانی هاوپەیمانی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی سوریا و تا ئێستا زیاتر لە ١٤٠ شار و شارۆچکەیان کۆنتڕۆڵ کردوە لەوانەش شاری حەڵب وەک دووەم شاری گەورەی سوریا.




PM:08:49:01/12/2024